شعار ما
باران، قطراتی برای نو شدن

یکشنبه, ۲۸ دی , ۱۳۹۹ 4 جماد ثاني 1442 Sunday, 17 January , 2021 ساعت ×
سەرچاوەی ئایین، مانیفستێ لە ئیمانی ئاشتی خوازانە…
05 دی 1399 - 21:01
شناسه : 475
بازدید 22
0
باران : گرنگی خوێندنەوە جیاوازەکان لە سەرچاوەیەکی دینی و گرنگی وەک سوننەت _ قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر ــ د.خ ــ لە دەرکەوتەی کۆمەڵایەتیدا زۆرتر خۆی نیشان
ارسال توسط : نویسنده : سوهەیب عەلی منبع : مجله باران
پ
پ

گرنگی خوێندنەوە جیاوازەکان لە سەرچاوەیەکی دینی و گرنگی وەک سوننەت _ قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر ــ د.خ ــ لە دەرکەوتەی کۆمەڵایەتیدا زۆرتر خۆی نیشان ئەدات و هەر خوێندنەوەیەک بۆ قورئان و فەرموودە، بە جۆرێ هەڵوێست لە مرۆڤە موسڵمانەکاندا، ئەوانەی کە شوێن ئەو ئایینە دەکەون، درووس دەکات. کەوایە بابەتی حەفتاو دووفیرقە بوونی ئیسلام، یاخود ڕاوبۆچوونی جیاواز و ئیجتهاداتی جیاواز و حیزب و گرووپی جیاواز لە نێو دونیای ئیسلامدا، پێش ئەوەی بەرهەمی دوژمنێکی دەرەکی بێت و دەستی ئەوان بێ لە درووس بوونی ئەو تاقمانەدا، خۆی بەرهەمی خوێندنەوە جیاوازەکانە لە سەرچاوە. بۆ وێنە ئەگەر سەرنجێکی مەنهەجی ئیسلامی سیاسی بدەین و لە مەرجەعەکانیاندا ورد ببینەوە، پێش ئەوەی بگەین بە ئایەتەکانی قورئان، یان بگەین بە کۆمەڵێ فەرموودەی پێغەمبەر، دەگەین بە کتێبێک یان کەسایەتییەک کە بە جۆرێک قورئان و فەرموودەی تەفسیر کردووە کە ئیسلامی سیاسی لێ دەوەشێتەوە . واتە ئیسلامی سیاسی پێش ئەوەی بەرهەمی مەتنی قورئان و فەرموودە بێت، بەرهەمی خوێندنەوەی قورئان و فەرموودەیە. بەرهەمی جۆرێکی ترە لە تەفسیری قورئان و سوننەت، نە ئەوەی کە موستەقیم ئایەتەکانی قورئان بووبن بە مەرجەع و بە بنەما. هەرچەن ئیسلامی بنەماخواز یان ئیسلامی ئوسوڵی ، خۆی ئەو ئیددعایە دەکات و دەڵێ : من ئیسلامی سەلەفیم و ئەمەوێ بگەڕێمەوە بۆ سەردەمی سەلەفی ساڵح. ئەمە شوعارێک زیاتر نییە و هیچ موسڵمانێکی بنەماخواز ، ڕابتەی لەگەڵ قورئان و فەرموودەدا موستەقیم نییە و بەڵکە لە چەندین تەفسیر و چەندین خوێندنەوەی ترەوە دەگات بە قورئان و سوننەت. موسڵمانانی سەلەفی ـــ بەهەموو تاقمەکانیانەوە، واتە بونیادگەرایانی ئیسلامی کە هەر ناوێکیان ببێ _ پێیان وایە کە هۆی دوورکەوتنەوەی خەڵکی لە ئیسلام ئەوەیە ئێمە کەوتینە شوێن تاقمێ بەناو موجتەهید وەک شافعی و مالکی و… تاکو تەقلید پەرەی سەند و سەرچاوە سەرەکییەکانمان کە قورئان و فەرموودەیە لەبیر کرد. بۆیە بۆ گەڕانەوەی شکۆی ئیسلامی پێویستە بگەڕینەوە سەر سەرچاوە سەرەکییەکان و شوێنکەوتەی تاقمی ئەسحاب و سەلەفی ساڵح بین. ئەمە لە ئاستی تیۆری دا قسەی بنەماخوازەکانە. بەڵام خودی ئەمەش دووبارە کۆمەڵێ موجتەهید و کۆمەڵێ مەرجەعی فەتوای درووس کردووە و لە عالەمی واقعدا هیچ بنەمایەک بەناو قورئان و فەرموودە ، بە بێ تەفسیری کۆمەڵێ زانا و عالم، بوونی نییە . کەوایە ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر قورئان و ئایەتەکانی دەخوێننەوە و ئەڵێن : ئەوەتا قورئان دەستووری داوە و قورئان بەو شێوەی وتووە و قورئان سەرچاوەی تیرۆریستییە و قورئان فیکری داعشی و… درووس دەکات، نیشانە لە تێنەگەشتن و نیشانە لە زانستی نەبوونی قسەکانیان و بگرە هەڵەیەکی فیکری زۆر گەورەشە بۆ ئەوەی باش نەزانین سەرچاوەی ئەم گرووپ و تاقمانە چییە و چۆنە.

واتە تێگەشتن لە قورئان و فەرموودە بەستراوەتەوە  بە تەفسیرەوە. قورئان و فەرموودە وەک مەتن، وەک سوننەت، یان وەک مەرجەعی ئایینی بەسراوە بە کۆمەڵێ تەفسیرەوە و تەفسیرەکانیش دەکەونە چوارچێوەی لۆژیکی و نالۆژیکییەوە، ئەخلاقی و نائەخلاقییەوە، سەردەمیانە و ناسەردەمییانەوە و لە کۆتاییشدا هەرچی بێ تەفسیرەکان شتێکی مرۆڤانە و مرۆیین.

 وەک دیارە ئەو تەفسیرانەش لە ئیسلام کە لەسەدەی نۆزدەهەمدا و لەدوای ڕووخانی خەلافەتی عوسمانی بەدوا سەری هەڵدا، هەموویان بە جۆرێ لە جۆرەکان جیاواز بووە. واتە ئیسلام لەدوای خەلافەتی عوسمانی کەوتە قۆناغێکی دیکە لە ژیانی خۆی کە پێشتر لەگەڵ هەموو ئەو زەمەنەدا کە تێپەڕی کردبوو ، جیاواز بوو . بۆیە دەتوانین ئیسلام لەم بوارەدا بە دوو قۆناغ دابەش بکەین . دوو قۆناغ کە تا ڕادەیەکی زۆر جیاوازی بنەمایی و جیاوازی دەستووری و فقهی لە نێوانیاندا هەیە. باس کردنی ئەم بابەتە بە شێوەیەکی گشتی پێویستی بە وتارێکی تر و بگرە بە چەندین لێکۆڵینەوە هەیە بەڵام ئەوەی پێوەندی بەم بابەتەوە هەیە ئەوەیە کە قۆناغی دوای ڕووخانی خەلافەتی عوسمانی ڕووخانی ئەو بەشە بوو لە ئیسلام کە پێوەندی بە حکوومەت، یان خەلافەتەوە هەبوو. فقهی ئیسلامی تا بە ئەوکات زۆرێ لە حوکمەکانی بەسترابوویەوە بە بوونی خەلیفەیەکەوە ، یان ئیمامێکی عادڵەوە یان ئەو دەسەڵاتەی کە بەناوی دەسەڵاتی ئیسلامی ناو دەبرا. خەلافەتی عوسمانی ئاخرین و دواهەمینی ئەو دەسەڵاتە یان ئەو خەلافەتە بوو . بۆیە کاتێ نەما ، وەک ئەوە وایە دەبێ سەر لەنوێ دەستوور و فقهـ و ئەحکامەکە  خوێندنەوەی بۆ بکرێتەوە و بگرە دەبێ ئیجتهادی تازە و فەتوای تازە بدرێ تاکو موسڵمانان بزانن ئێستە کە حکوومەتێک نەماوە، یان خەلافەتێ نەماوە چۆن ئەحکام و دەستووراتی ئیسلامی ــ ئەو بەشەی کە دەبێ خەلیفەیەک جێ بە جێی بکات ـــ جێ بەجێ دەبن.

لێرابوو کە موسڵمانانی دوای خەلافەتی عوسمانی لانی کەم بوون بە سێ بەشەوە.بەشی یەکەم موسڵمانانی بونیادگەرا بوون. ئەم بەشە پێیان وابوو کە هەموو دەسەڵاتێکی ئیسلامی لەناو چووە و کوفر و وڵاتە کافرەکان دەسیان بە سەر وڵاتی ئیسلامدا گرتووە ، بۆیە دەبێ ئێمە بگەڕینەوە بۆ سەرچاوەکان و بگەڕینەوە بۆ سەردەمی خەلافەت و سەلەفی ساڵح.

بەشی دووهەم موسڵمانانی نوێخواز بوون. ئەم بەشە پێیان وابوو کە واقعی ئەم سەردەمە ، پێویستی بە ئیسلامێکی سەردەمییانە  هەیە و ئەگەر بڕیار وایە ئیسلام بۆ مرۆڤ هاتبێ، دەبێ ئیسلام بە پێی مرۆڤی سەردەم بتوانێ خۆی سەردەمی بکاتەوە و دەبێ ئێمەش لە دەسکەوتەکانی مرۆڤ ، بە پێی سەردەم کەڵک وەربگرین بۆ بواری ژیان و پێشکەوتن و سیاسەت و فقهـ و …

بەشی سێهەم لە موسڵمانان ئەو بەشە بوون کە نە نوێ خواز بوون و نە بڕوایان بە گەڕانەوەی هەمەلایەنە بوو بۆ سەردەمی سەلەف. نە بەو واتایە سەلەفیان قەبووڵ نەبێ، بەڵکو بەو واتایە کە سەلەفی ساڵح بە تەنها سێ سەدەی ئیسلام نییە، بەڵکە زەمەنێکی زۆرتر بوو لە ئەزموونی هەموو ئیمامان و موجتەهیدان و پیاوخواکان. ئەم بەشە لە موسڵمانان و زانایان لە وتاری ئەم سەردەمەی ئێمەدا بە سوننەتگەراکان ناویان لێ دەبرێ.

ئەم سێ بەشانەش بۆ خۆیان شاخە شاخە دەبنەوە و هەر بەشێکیان زۆرێ لە تەقسیماتی دیکەیان هەیە و ئەمە شێوازێکی گشتی بوو لەو بەشانە.

هەریەکەش نووسەری تایبەت، تیوریسیەنی تایبەت و شوێنکەوتەی تایبەت بە خۆی هەیە کە بە پێویستی نازانم ناوی هەموویان ببەم . بەڵام وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد دەرکەوتەی ئەم بەشانە و هاتنە واقعی ئەم تیۆریانە گرنگە کە چۆن پیادە دەکرێن و چۆن دەردەکەون. ئەم پێشەکییەش هەر بۆ ئەوە بوو کە بزانین کتێبی سەرچاوەی ئایین پێشەنگی کام لەم بەشانەیە و چۆن تیۆری دادەڕێژێ بۆ خوێندنەوەی ئایین و چۆن بنەماکانی عەقیدەی ئیسلامی دیاری دەکات. کتێبی هەر بەشێک، دەرکەوتەی لە عالەمی واقعدا و لە ناو کۆمەڵگای موسڵماناندا جیاوازە. ئەگەر ئێمە لەدوای هاتنی ئیخوان موسلمین بۆ کوردستان گرووپی ـ جندل الاسلام و … ــ مان بۆ دەردەکەوێت بێ هۆ نییە و لەبەر ئەوە نییە خەڵکی کوردستان قورئانی پێ نەگەشتبوو . ئیسلامی پێنەگەشتبوو. بەڵکە لەبەر ئەوەیە قورئانی بە جۆرێکی دیکە بۆ تەفسیر دەکرێتەوە.

کوایە ئەبێ ئەوە بزانین هەریەکەو لەم بەشانە بە پێی زەمەن و بە پێی جوغڕافیای تایبەت بە خۆیان جیاوازی دەرکەوتەیان هەیە و لەگەڵ زۆرێ لە خاڵەهاوبەشەکانی نێوانیاندا، خاڵی جیاوازیشیان بەرچاوە. ئەگەر سەیری کوردستان بکەین و سەرنجێکی ئەم بەشانە و شوێنکەوتووەکانیان بدەین خاڵە جیاوازەکان دەبینین. بۆ وێنە بونیادگەراکانی لای ئێمە، واتە کوردستان، ئەیانویست مامەڵەی وڵاتی میسر و ئەفغانستان و … لەگەڵ هەرێمێکی بچووک، یان ناوچەیەکی بچووکی وەک ناوچەی هەوراماندا بکەن. بە چ مەبنایەک و بە چ ئسووڵێکی شەرعی کەس نازانێ! بێجگە لەوەی ئەوان بەدوای ئەوەوە بوون حکوومەتێکی جاهیل _ سەیید قوتبیانە ـــ و کافر پەیدا بکەن، ـــ هەرچەن چەن دێهات بێ و خۆیان ناوی بنێن حکوومەت ـــ تاکو ئەوانیش لە خەیاڵی خۆیاندا و بێ هیچ واقعێک جیهادی فی سبیل اللە ئەنجام بدەن و حوکم بە ما انزل اللە جێگیر بکەن.

لێرایە و بە خوێندنەوەی ئەم پێشەکییە درێژەیە گرنگی کتێبێکی وەک سەرچاوەی ئایینی مامۆستا عبدالکریمی مودەڕڕس دەردەکەوێ.

ئەم کتێبەی مامۆستا عبدالکریم هەروەک بۆخۆی ئاماژەی پێ دەکا بۆ مناڵانی کورد زمان نووسراوە و باس لە عەقیدە بنەماییەکانی ئیسلام دەکات. مامۆستا ویستوویەتی بەم کتێبە بە زمانی کوردی مناڵان فێری بنەمای ئایین بکات و بنەما دینییەکەیان فێر بکاتەوە و بە جۆرێ ڕایان بێنێ لەسەر بنەمایەکی درووسی  فیکری عەقیدەیی تاکو مناڵانی ئێمە هەر لە سەرەتاوە ، بزانن کە ئێمە لە ئوسووڵیەت و بنەما دانەبڕاوین و پێوەندیمان بە ئوسووڵ و بنەماوە هەیە. واتە عەقیدەمان لەسەر ــ ئەساس ــ دامەزراوە و بێ ئەساس هیچ شتێکمان قەبووڵ نەکردووە و خوێندنەوەکەشمان لە ئەساس و بنەمای ئیسلام ، نە ئەوەی کە هەڵە نییە، بەڵکو ڕاستەقینەشە و تێگەشتنمان لە ئیمان و ئیسلام زانستیانەیە و سەردەمییانە.

سەردەمییانەیە بەو واتا ئەساسەکان و بنەماکانی خۆمان دەناسین و فێریان دەبین و وازیان لێ ناهێنین، ئیدی پێویست بەوەش ناکا  لەسەرێکەوە بچین بە گژ هەموو دەسکەوتەکانی ئیسلامدا و بە نەفی هەموو زاناکان ، هاوار بۆ قورئان و سوننەت ــ بە شێوازی ئیددعایی و تاڕادەیەکیش درۆیی ــ بکەین، لەسەرێکی دیکەشەوە بچین بە گژ هەموو جیهاندا و شمشێری خەلافەت و دەسەڵات و کورسی بخەینە گەردەنی هەموو مرۆڤەکانی دیکە و دەسکەوتە زانستی و دونیاییەکانی.

سەرچاوەی ئایین بە جیاواز لە زۆرێ لە وتارەکانی دیکەی بەشی یەکەم ــ بنەما خوازەکان ــ نە بەشی دووهەم ــ چوون ئێمە هێشتا بە باشی ئەم بەشەمان ئەزموون نەکردووە ــ هیچ شیوەن و ڕۆڕۆیەکی تێدا نییە کە بڵێ ئای موسڵمان نەما و هەمووی بوو بە جاهیل و هەمووی شوێنی کوفر کەوت و…

سەرچاوەی ئایین، باس لە ئەساسەکانەوە دەکات.

ئەو ئەساسانەی کە ئەگەر خەلافەتی عوسمانیش ڕووخابێت، ئەگەر لە نێو جەرگەی کوفریشدا بی و… ئەتوانی ڕایان بگری و موسڵمان بی. دەتوانی پێڕەویان بکەی و ئیماندار بی.

سەرچاوەی ئایین بۆ کۆمەڵێ مرۆڤی خەیاڵی دانەڕێژراوە. بۆ ئارمان شارێکی ناواقعیانەی مەحاڵ داڕشتنی بۆ نەکراوە. بەڵکە بۆ ئەم کۆمەڵگا کوردییە ژێردەسە نووسراوە کە زۆرینەی زۆری هەر موسڵمانە و ئەهلی سوننەت و جەماعەتە.

گرنگی ئەم کتێبە چەن شتە؛ یەکەم ئەوەی کە مامۆستا لەوکاتا بە پێویستی زانیوە بە زمانی شیرینی کوردی عەقیدەی ئیسلامی بۆ مناڵان و جوانەکان ڕوون بکاتەوە. بەداخەوە ئێمە لەدوای سەرچاوەی ئایین کتێبێکی زانستییانەی باشمان نەنووسیوە بۆ جوانەکان و مناڵەکان. مامۆستایانی ئایینی وەک مامۆستا عبدالکریم بۆیان گرنگ نییە و گوێ بەوە نادەن کە ئەبێ هەر کەسە و لەتەمەنی تایبەتتدا، بە پێی تەمەنی خۆی عەقیدەی ئیسلامی بۆ ڕوون ببێتەوە. بۆ وێنە کتێبێ کە بۆ خوێندکارێکی زانکۆ باشە، بۆ مناڵێکی تەمەن دە ساڵ بە کەڵک نایە و لێی تێ ناگات.

دووهەم؛ زمانێکی سادەیە و لەو سەردەمەدا مناڵان زۆر بە باشی لێی تێدەگەشتن.

سێهەم ؛ ئەوەی کە ساڵانی ساڵە ئەم کتێبە لە ماڵەکانی ئێمەدا بڵاو بووەتەوە و کەم تا فرە هەموومان ناویمان بیستووە و خوێندوومانەتەوە. مناڵانی ئێمە بەم کتێبە فێری کوردی خوێندنەوە بوون و لە بنەماکانی عەقیدەی ئیسلامی تێگەشتوون. سەر دێڕی ئەم وتارەش تا ڕادەیەکی زۆر پێوەندی بەم بەشەوە هەیە کە چۆن ئەم کتێبە توانیویەتی ببێ بە مانیفستێ ، نەک بۆ تیرۆر ، بەڵکە بۆ پەروەردە و ڕاهێنان.

چوارەم : فیکر و ئەندێشەی پشتی ئەم ڕیسالانە گرنگە. وەک لە سەردێڕی وتارەکەوە دەردەکەوێ، ئەم کتێبە ئەگەر چی پێشەنگی کتێبەکانی دیکە بووی و بە زووترین کات بە تەواوی باشوور و ڕۆژهەڵاتدا بڵاو بوویەوە ، بەڵام نەبوو بە کتێبێک مناڵانی ئێمە فێری تووندڕەوی و تەکفیر کردن و موشریک کردنی خەڵکی بکات. بەڵکە زۆر بە باشی ئیسلام و بنەماکانی فێر دەکردن، چل چرای فەرموودەیشی بۆ دائەگیرساندن کە وەک دواتر باسی دەکەین ، تاکو ببێ بە مایەی ژیانێکی بەختەوەرانە و ژیانێکی دوور لە توندوتیژی.

سەرچاوەی ئایین کتێبێکە پێک هاتووە لە کۆمەڵە ڕیسالەیەک بەناوەکانی ۱٫ئیمان و ئیسلام ۲٫ ئەساسی سەعادەت ۳٫ ئاوی حەیات ۴٫ چل چرای ئیسلام ۵٫ نوور و نەجات ۶٫ ئێقباڵ نامە.

مامۆستا عبدالکریمی مودەڕڕس توێژەرێکی بەتوانای زانستە ئیسلامییەکان بوو. ئەم کەسایەتییە گرنگە لەگەڵ توانا زانستییەکەیدا ، توانای نووسین و توانای ساکارکردنەوەی زانستەکانیشی هەبوو. وەک چۆن ئەیتوانی زانستەکان بە زمانی سادە و ساکاری مناڵانە بنووسێتەوە، بەهەمان شێوە بۆ زانا پایەبەرزەکانیش کتێبی نووسیوە. سەرچاوەی ئایین لەگەڵ ئەوەدا کە زۆر زانستییانەیە و زۆریش بە سوودە و بگرە بۆ زانا پایە بەرزەکان نووسرابێت، هەریەکە و لە دەفتەرەکانی لە کات و ساتی تایبەت و جیاجیادا بۆ شارەزایی منداڵانی ئیسلامی کورد زمان نووسراوە.

یەکەم ڕیسالەی ئەم کتێبە ناوی ئیمان و ئیسلامە.

ڕیسالەی ئیمان و ئیسلام بە شێوازی شێعر (نەزم) نووسراوە و باس لە ئەسڵی دین دەکات.

مامۆستا ئەفەرمێ :

ئەسڵی ئیمانیش شەشە بە تەحقیق

ئەوەڵ ئەمەیە کە بکەی تەسدیق

بزانی خودا وجوودی حەقە

قەدیم و باقی تەنهای موتڵەقە

بەم شێوەیە دەس پێ دەکات و باس لە هەر شەش ئەسڵەکەی ئیمان دەکات .

دوای ئەمە دەفتەری ئەساسی سەعادەتە. ئەساسی سەعادەت ۹۹ پرسیار و وڵامی دینییە و بە شێوازی نەسر و پەخشان باس لە فەرعی دین و ئەسڵی دین دەکات. لەم دەفتەرەدا، مامۆستا یەکەم جار باس لە واتای شەهادەتەین و ناوی پێغەمبەر و ناوی دایک و باوکی و شکڵ و شەمایڵی پێغەمبەر دەکات.

هەروەها نوێژ و چۆنیەتی نوێژکردن و دەسنوێژ گرتن و غوسڵ کردن و باقی ئەرکانی ئیسلام و تا دووبارە دەگاتەوە بە ئەسڵی دین و باسی خەلیفەکانی ئیسلام و ….

ئەم دەفتەرە، دووی شەووالی ساڵی ۱۳۵۴ی کۆچی لە بیارەدا نووسراوەتەوە.

دەفتەری سێهەم ئاوی حەیات. ئاوی حەیات دەفتەرێکە باس لە ژیانی ئەو پێغەمبەرانە دەکات کە ناویان لە قورئان و حەدیسدا هاتووە.

ئەم شێوازە لە باس کردنی عەقیدە زۆر گرنگە کە باس کردن لە عەقیدە تەنها بە شێوازی تیۆری نییە و مامۆستا هاتووە نموونەی عەقیدەی ئیسلامی و عەقیدەی درووسی لە ژیانی ئەم پێغەمبەراندەدا نیشان داوە.

هەروەها ئەم کتێبە باس لە ژیانی ئەو دە ئەسحابە موژدە پێدراوە ــ عشرە مبشرە ــ دەکات.

مامۆستا ئەفەرمێ : لە هەموو ئوستادێکی دینی تکا ئەکەم، ئەم دەرسانە بە موسڵمانان نیشان بدەن.

ئەم دەفتەرەش ۴۰ وانەی تێدایە.

دەفتەری چوارەم: چل چرای ئیسلام. هەر وەک هەموو ئەو ناوە کوردی و گرنگانەی کە مامۆستا بۆ کتێبەکانی دادەنا، ئەم دەفتەرەش ناوی چل چرای ئیسلامە و ناوێکی کوردی و زۆر جوان و بە جێیە. مەبەست لە چل چرا، چل فەرموودەی پێغەمبەرە. ئەندێشەی سەرەتایی نووسینی ئەم دەفتەرە، هەروەک زۆرێ تر لە نووسەرە ئیسلامییەکانی عەرەب و فارسیش بەم شێوازە چل فەرموودەیان نووسیوەتەوە و شەرحیان کردووە، فەرموودەیەکی پێغەمبەرە کە مامۆستا لە پێشەکی ئەم دەفتەردا ئەفەرمێ: ” حەزرەتی موحەممەد فەرموویەتی : هەر موسڵمانێ ، چل حەدیس لە حەدیسەکانی من لەبەر بکات و بیگەیێنێ بە موسڵمانان، شەفاعەتی بۆ ئەکەم لە قیامەتدا. وە دووبارە فەرموویەتی خوای گەورە ناردوومی بۆ ئەوەی خووڕەوشتی جوان لە دونیادا تەواو بکەم. چل حەدیسم لە حەدیسەکانی خوو ڕەوشت هەڵبژارد.”

ئەم دەفتەرە بەشێکی زۆر گرنگی ئەم دەفتەرانەیە کە مامۆستا بە شێوازێکی زۆر شارەزایانە ئەیەوێ ئامووزشی بدات و فێری ئێمەی بکات.

کاتێ ئێمە لە دەفتەرەکانی دیکەدا فێری ئیمان و ئیسلام بووین و بنەما و ئەساس فێر بووین و فەرعی دین و پێویستییەکانیمان جێ بە جێ کرد، پێویستە چل چرای خووڕەوشت، پێویستە ئەو بەشەکانی ئیسلامیش کە ئەخلاقە جێ بە جێ بکەین و بگرە ئەخلاق چرای ئەم ڕێگا بێت و بێ چرای ئەخلاق ڕێگەی ئیمان و ئیسلام ڕێگەی خۆی بۆ پەیدا نەکرێ. ئەخلاقی ئیسلامی بەرهەمی ڕاستەوخۆی ئیمانە. ئەوەی ئیماندار بێ نابێ ئەخلاقی ئیمانی نەبێ و ئیمان بێ ئەخلاقی پەسەند و جوان تەواو نابێ.

کتێبەکانی عەقیدە زۆر بە کەمی باس لەم بەشەوە دەکەن . ئەمە مامۆستایە کە بەڕاستی بە زانستی خۆی گرنگی ئەم شتەی هەست پێ کردووە و بە پێویستی زانیوە و تێگەشتووە کە تیوریەکانی عەقیدە بە بێ باس کردنی ئەخلاق بەسەندە ناکات . ئەبێ موسڵمان بزانێ کە ئیمان هێنان کاری دەوێ و مرۆڤ کە ئیمانی هێنا دەبێ بە پێی ئیمان بجووڵێتەوە . ئەم چل فەرموودەیە هەم کورتن و هەمیش زۆر بە جوانی شرۆڤەی هەندێ ئەخلاقی ئیسلامییانەی پێویست بۆ ناو کۆمەڵگا دەکات. کۆتایی شرۆڤەی هەموو فەرموودەیەکیش مامۆستا بە پێی واتای فەرموودەکە دوو بەیت شێعری هەم لە مەولانای جامییەوە نەقڵ کردووە و هەم بۆ خۆیشی دوو بەیت شێعری داناوە.

دەفتەری پێنجەم نووری نەجاتە و بە شێوازی شێعر باس لە ژیانی پێغەمبەر ــ ص ــ و ئەسحابەکان و خووڕەوشتی ئەوان دەکات. ئەمەش دووبارە لە پێویستییەکانی ئیمانە و بنەماکانی ئیمان لە ژیانی پێغەمبەر دا دەردەکەوێ کە پێغەمبەری ڕەحمەت و مێهرەبانی و ئەخلاقی جوانە.

کاتێ ئەم بەشە دەخوێنینەوە بۆمان دەردەکەوێ کە دەرکەوتەی ئیمان لە سەرچاوەکەیەوە و لە کەسانی دەوروبەریدا ــ ئەسحاب ــ چۆن بووە و سەرەتاکانی ئەم ئیمانە و ئەم ئیسلامە چۆن دەستی پێ کردووە و پەرەی سەندووە.

کۆتایی ئەم دەفتەرە بە شێعری ــ سکاڵایەک لای فەخری عالەم ــ ص ـ و شێعرێکی عەرەبی ــ پاڕانەوە لە خوای تەعالا ــ کۆتایی دێت.

دەفتەری شەشەم و کۆتا دەفتەر ناوی ئێقباڵ نامەیە.

ئەم بەشە و ئەم دەفتەرە هەروەک مامۆستا بۆ خۆی ئیشارەی پێ دەکات ، تەرجەمەی کتێبی دەوڵەت نامەی مەولانا خزری ڕوارییە کە بە هەورامی نووسیویە و مامۆستا کردوویە بە سۆرانی و هەندێ بابەتی پێ زیاد کردووە.

ئەم دەفتەرە پێشەکییەک و دوانزە باب و کۆتایییەکی هەیە.

ئەم دەفتەرەش دووبارە بەشێکی جیاوازە کە مامۆستا زیادی کردووە بە کتێبی عەقیدە و زۆرتر باسی تەزکیە و پاکی و جوانی دەکات کە ئەمانەش بەرهەمی ئیمانن.

ئیمان ئەمانەشی پێویستە. ئیمان دەکێشێ بە جێ بە جێ کردنی کۆمەڵێ سوننەت و خووڕەوشتی پەسەندیدە و جواندا.پێویستی بە تەزکیە و دەرمانەکانی هەست و ناخ هەیە.

ئەم بەشە بریتیە لە کۆمەڵێ تەجروبیاتی دینیش کە مناڵانی ئێمە ڕادێنێ لەسەر گرنگی دان بەو تەجروبانەش.

ئەمە بە کورتی باسی ناوەڕۆکی سەرچاوەی ئایین بوو. ئەم شێوە لە فێرکاری کە مامۆستا فێرمان دەکات ، شێوەیەکی زۆر پەسەندیدە و بە سوودە. ئەگەر ئەم شێوە فێرکارییە نەبێ ، سەرچاوەی ئایینیش دەیتوانی ببێ بە مانیفستێ بۆ ئیسلامی توندڕەو. بەڵام مامۆستای نامی مناڵانی ئێمە بە شێوەیەکی دیکە ڕادێنێ و بە شێوەیەکی دیکە پەروەردە دەکات.

مامۆستا عبدالکریم کەسێکی ئەشعەرییە و بڕوای لەسەر شاڕێگەی ئەهلی سوننەت و جەماعەت دامەزراوە. بێ گومان هەروەک پێشەنگێکی دینی ، وەک ئیمامێک و وەک کەسایەتییەکی ناوازەی ئەم ناوچەیە پێویستە ڕۆژ بە ڕۆژ زۆرتر گرنگی بە فیکر و ئەندێشەی بدەین. کتێبەکانی بە شێوازی درووس حاشیەی لەسەر بکەین و هەریەکەو بە شێوازی تایبەت بە خۆی نووسینەوەی بۆ بکەین. سەرچاوەی ئایین زۆر بە باشی توانای ئەوەی هەیە بکرێ بە چەندین نامیلکەی جۆراوجۆر، بۆ تەمەنی جۆراو جۆر. هەروەهایە باقی کتێبەکانی دیکەی مامۆستا کە بە ڕاستی بۆخۆی مەکتەبێکی سەردەمیانەی ڕاستەقینە بوو لە ئیسلام و عیرفان و ئەخلاق.

سوهەیب عەلی.

نوشته های مشابه

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • پیام هایی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.