شعار ما
باران، قطراتی برای نو شدن

یکشنبه, ۴ مهر , ۱۴۰۰ 19 صفر 1443 Sunday, 26 September , 2021 ساعت ×
ئێقباڵ نامە: بابی چوارەم: باسی ئەوشتانە دەکات کە باعیسی نەگبەتین
22 تیر 1400 - 17:28
شناسه : 746
بازدید 95
1
مەلاسەیید حوسەین کۆڵانی ئێقباڵ نامە: بابی چوارەم: باسی ئەوشتانە دەکات کە باعیسی نەگبەتین
ارسال توسط : نویسنده : ماموستا عبدالکریم مدرس منبع : مەلاسەیید حوسەین کۆڵانی
پ
پ

بزانە هەر کەس ئەهلی عیسیانە

لەهەر دوو دونیا کاری نوقسانە

بە فیسق و فجوور بزانە مەعلووم

لە دەوڵەت ئەبێ بێ بەش و مەحرووم

گەر ئەڵێی زۆر کەس ساحێب دەوڵەتە

هەم ئەهلی فیسق و درۆ و غەیبەتە!؟

ئەڵێم ئەو ماڵە  ماڵی دەمدەمە

بێ عاقیبەتە و ڕوو لە عەدەمە

یاخۆ ئەو کەسە بەو هەموو ماڵە

دایم مەلوولە حالی بەد حاڵە

بەهەر ماڵێکیش مەلوول ببێ حاڵ

ئەوە نەگبەتە نەک خێر ۆ ئیقباڵ

کۆی ئەکاتەوە بە هەزار زەحمەت

بە جێیشی دێڵێ بە ئاخ و حەسرەت

«نالە» ئەگەر چی ساحێب حەیوانە

چوون بۆ خۆی نابێ مەعلووم شوانە

نەگبەتی زۆرە ،«تارِکُ الصَّلاة»

لە هەر ماڵێ بێ پڕە لە زوڵمات

هەرکەسێ نەیدا زەکاتی ماڵی

«نَعُوذُ بِالله» لە بەدیی حاڵی

نەدانی زەکات مەنعی بارانە

بە «زِنا» وڵات چۆڵ و وێرانە

هەرکەسێ نەگرێ ڕۆژووی ڕەمەزان

دوژمنی دینە و هاوڕێی شەیتان

ئەگەر «حج» نەکات خاوەنی سەروەت

نگین و ماڵی ئەبێ بە نەگبەت

درۆ هەرزەیی و یاریی ناشیرین

نەگبەتین برا بۆ دنیا و بۆ دین

دەخیلە مەخۆ بە درۆ قەسەم

ماڵ وێران ئەبێ، بڕوا ئەبێ کەم

کەواتە لە بۆ شەخسی موسوڵمان

گوناە باعیسە بۆ شەڕڕ و نوقسان

مەڵێ وا نییە ، خۆ شەخسی کافر

بەدەنی ساغە و سامانی زیاتر

دنیا زیندانە لە بۆ موسوڵمان

بەهەشتە لە بۆ بێ دین و ئیمان

خەو، نە زۆر نە کەم، مایەی سیححەتە

 زۆری هەوێنی شەڕ و نەگبەتە

خەوی سبەینێ تا خۆر ئەکەوێ

هەرکەسێ بیکا ، نەگبەتە ئەوێ

(قُل لَو کانَ البَحرُ)هەتا(أحَدا)

بە شەو بیخوێنە لە کاتی خەودا

لە وادەی دڵخواز ئەبی خەبەردار

سیڕڕی قورئانە، بتبێ ئیعتیبار

لە نیوەڕۆدا«قیلولە» چاکە

دوای عەسران نووستن مایەی هیلاکە

سەرت لە دەرگا و بەدەنت لە ماڵ

مەنوو، باعیسە بۆ شەڕڕ و وەباڵ

لە خەو دامەنێ دەس لە ژێری سەر

مەر بۆ ئیتتباع سەییدی سەروەر

بە قەسدی سوننەت شەڕیش ئیحسانە

ئەمە  ئەزانێ  هەرکەس  ئینسانە

مەنووە لە «مزگەوت» بەبێ زەروورەت

تفی تێ مەخە ، ئەدبارە و نەگبەت

لە«قەبرستان»دا نووستن نەگبەتە

نووستن لە حەمام فەنای دەوڵەتە

هەندێکت لە خۆر، هەندێک لە سێبەر

مەنووە، بۆت ئەبێ بە دەرد و زەرەر

لە سەرەڕێدا نووستن زەحمەتە

کاتی لەشپیسی خواردن نەگبەتە

لەگەڵ لەشپیسی خوێندنی قورئان

بێجگە لە گوناە، نەگبەتە و نوقسان

ڕۆشتن لەبۆ مزگەوت و بازاڕ

بە لەشی پیسی نەگبەتە و ئەدبار

ئەگەر حەز ئەکەی نەبینی موشکڵ

هەرگیز مەشۆرە دەس بە ئاو وگڵ

دەسنوێژ مەگرە لە «ئەدەبخانە»

بۆ ماڵ و حاڵت شەڕ و نوقسانە

لە سەرەڕێدا «بەول»و«نەجاسەت»

هەم لە مەجلیسا، زیانە و نەگبەت

لە ژێری دارا، مەخسووس بە سەمەر

هەم ڕوو لە قیبلە نەگبەتە و زەرەر

تەماشای پیسی مایەی خەسارە

لەسەر نەجاسەت قسە ئەدبارە

بۆ عەورەتی خۆت یا عەورەتی غەیر

مەڕوانە شەڕە، شەڕ نابێ بە خەیر

هەرگیز مەڕوانە لە بۆ نامەحرەم

خەفەتە بۆ دڵ، دینیش ئەکا کەم

چەن کەسی شێت کرد مەراقی نەزەر

چەندێ موبتەلا بە دەردی جگەر

بۆیە فەرموویە حەزرەتی رەئیس:

«نەزەر تیرێکە لە تیری  ئیبلیس»

بە پاڵکەوتنۆ، یا بە ڕاوەستان

نەگبەتە، هەرگیز مەخۆ ئاو و نان

نان لە هەژاران ، دەرۆزەکاران

وەرمەگرە، ماڵت پێی ئەبێ وێران

تیکە لە دەمدا بیجاوە جوان

بابۆڵەی مەەکە بەوێنەی نادان

لە تەنشتەوە یا لە سەری ڕان

یا لە دوورەوە قەت دامەنێ نان

لە بەر دەمتدا بە قدر و حورمەت

دایبنێ و بیخۆ بە ئیستیراحت

نان مەخە بەر پێ، شەڕ و نەگبەتە

ئیکرامی تەعام مایەی سەروەتە

بە ددان لە نان مەبڕڕە تیکە

هەرزەکار مەبە ، قەت مەکە فیکە

ئاو مەخۆرەوە لە گۆزەی شکاو

مەخۆ و مەخۆرۆ لە کاسەی بەسراو

بەکار مەهێنە شانەی ژنانە

شانەی شەریکی و شکستە دانە

ڕیشت بە وشکی مەکە بە شانە

شانەی ئەمانت نەگبەت نیشانە  

مەگرە بە ددان سمێڵ و ڕیشت

بۆ چی بەتاڵی؟ بڕۆ بۆ ئیشت

هەرگیز ناخوونت مەگرە بە ددان

ناخوونت مەدە لە بێخی ددان

ناخوونت مەگرە لە چوارشەممە

باشە لە دوای عەسری پێنج شەممە

کە ناخوونت کرد دەس بشۆ جوان

بە خلیلەی «مەرد»، ماژنە ددان

تەعامی بەد بۆ دوور لە ڕەحمەتە

بۆ شەو و ڕۆژی جومعە زەحمەتە

دوور بە لە هەرکەس هەرزە کەلامە

مەخەرە ژێر پێ شاڵ و عەمامە

قەت مەدوورەوە لیباس لە بەردا

با بێ ئەوزاعیت نەیێ بە سەردا

بە دانیشتنۆ دەرپێ بکە پێ

مێزەر بە پێوە، خێرت ئەگاتێ

قەت بە داوێنە یا بە گوشەی جل

ڕووت خۆت مەسڕە، فەقرت دێتە مل

لەسەر هەردوو پێت ئەگەر دانیشی

بە قنجۆ، ئەڵێیت موشتەری ئیشی

بە دەستەوئەژنۆ دانیشتن شەڕە

سەر لە سەری ڕان مەنێ، بێ فەڕە

لە خانووی تاریک تەنیا دانیشی

دیارە بە تەمای ئێس و ئەندیشی!

بە ئارام بڕۆ، ڕۆژە یا شەوە

خۆت لادە لە ڕێ ، لە خۆڵەکەوە

دەس مەبە دوا وەختی حەرەکەت

لە هیچ حەیوانێ قەت مەکە لەعنەت

قەت مەسووتێنە گەڵای پیاز و سیر

پێش مەکەوە لە ماموستا و پیر

لە بەینی ڕان و گاگەل و قەتار

ئە گەر ڕابووی دەبینی ئازار

بە ناو «خەلە»دا گوزەر ئازارە

مەخسووس خەلەیێ ماڵی هەژارە

  لە سەر ئاوی پاک قەت دامەکە «تف»

مەکوژێنەوە چرای شەو بە «پف»

قامیشی مەعقوود، یەعنی: گرێدار

قەت پیی مەنووسە ،نەگبەتە و ئەدبار

مەخە ژێری  پێ کاغەز و قەڵەم

خوش و خاڵ مەکە لە ناو ماڵدا جەم

قەت تەفرە مەدە فەرمانی خێرات

تەئخیری خێرات ئەبێ بە ئافات

عەجەلە  مەکە  لە کارا  دەخیل!

مەگەر لە خێرا: «فِی الخَیرِ تَعجِیل»

ئیمساک نەگبەتە و، ئیسراف مەزموومە

ئیقتساد چاکە ،خەیری مەعلوومە

ئەگەر لە دەخڵت زیاتر بێ خەرجت

بە چاو ئەبینی زەحمەت و ڕەنجت

مەدە لە هەتیو مەگەر بۆ ئەدەب

لەگەڵ گەورەدا مەکە گاڵتە و گەپ

یانەی«عنکبوت»: جۆڵایی کەرە

لایبە  لە  ماڵا  بەد و  بێ  فەڕە

هەر تەوێڵەیێ تیای بێ عەنکەبوت

وڵاغی لەڕە ، لات  و نامەزبووت

خانوو نەیماڵی، یا شەو بیماڵی

ئەبی بە مایەی پەرێشان حاڵی

چیلکە  مەتاشە  کاری  بەتاڵە

 کۆترچی و سەیاد داییم ڕەجاڵە

هەرگیز دوعای شەڕ مەکە لە ئەولاد

ئەگەر  ئەتەوێ  بمێنی  دڵشاد

دایک و باوکی خۆت بانگ مەکە بە ناو

تا  ڕسوا  نەبی  سووک و  ناتەواو

باوێشک مەدە ڕوبە ڕوی کەسێ

یا دەمت  بگرە  بە  پشتی  دەسێ

بە چاوی سووکی مەڕوانە بۆ کەس

مەبە بە فیتنە، قسەی کەس بۆ کەس

پەنامەکی  خۆت  مەبە  بۆ  کەسان

سڕڕ، وەکو  سەرە  مەیدە بە هەرزان

ڕامەگرە لە ماڵ نە سەگ نە سوورەت

ئیللا سەگی پاس، لەبەر زەروورەت

لە دەوری تەرم و لە سەر مەقبەرە

واتەی    دنیایی   گەڵی   زەرەرە

کاتێ ئەخوێنرێ حەدیس و قورئان

گوێ بگرە، چونکە ئارامن بۆ گیان

قسەی پڕ و پوچ، زەمزەمە و سەدا

نەگبەتە ، مەخسووس لە یانەی خودا

مزگەوتی  ئیسلام خانەی خودایە

شوێنی تۆبە و یاد ،نزاو دۆعایە

پڕ مەکەرەوە هەر ئاوێ پاکە

دەستت دامەنێ لە ژێر چەناکە

خاکی گۆرستان مەیێنە بۆ ماڵ

گەر پاشا بی، ئەبی بە حەماڵ

«وَفَّقَنَا  اللهُ  عَلَی  الآدابِ

أعنِی آدابَ أهلِ الصَّوابِ»

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • پیام هایی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.