شعار ما
باران، قطراتی برای نو شدن

یکشنبه, ۱۰ اسفند , ۱۳۹۹ 17 رجب 1442 Sunday, 28 February , 2021 ساعت ×
بارانی ڕەحمەت: وەختی تەعمیر کردنەوەی تایفەی قوڕەیش بۆ کەعبە و ئەساسی پێغەمبەرێتی حەزرەت ﷺ و نزوولی وەحی لە پاش موددەی سێ ساڵ و دەعوەت کردن بۆ دینی ئیسلام بە ئاشکرا
05 اسفند 1399 - 19:11
شناسه : 678
بازدید 4
0
باران : بارانی ڕەحمەت: وەختی تەعمیر کردنەوەی تایفەی قوڕەیش بۆ کەعبە و ئەساسی پێغەمبەرێتی حەزرەت ﷺ و نزوولی وەحی لە پاش موددەی سێ ساڵ و دەعوەت کردن بۆ دینی ئیسلام بە ئاشکرا
ارسال توسط : نویسنده : ماموستا عبدالکریم مدرس منبع : کتاب بارانی ڕەحمەت
پ
پ

عومری سی و پێنج بوو کە قوڕەیش سەرجەم

کەوتنە تەعمیری کەعبەی موعەززەم

لەسەر دانانی «حَجَرُالأَسوَد»

کەوتنە شۆڕش، بێ سامان و حەد

هەموو حەزرەتیان کرد بە حەکەمیان

تا ئەو ئاشووبە لابا لەسەریان

وەها حوکمی دا شاهی شەرەفناک

دایان نا لەناو بەرماڵێکی پاک

بەرماڵەکەیان هەڵگرت بە کۆمەڵ

لەجێی خۆی دانا سەییدی ئەکمەل

دەفعی کرد لەوان شەڕ و بێعەرزی

خۆیشی گەیشتە مەرتەبەی بەرزی

لەو تاریخەوە کەوتە سەر خەیاڵ

کەوتە سەر فیکری خوای «ذُوالجَلال»

چۆن ئەبێ دونیا بێسەر و سامان

بێساحێب نابێ سەفحەی ئاسمان

ئەم ڕۆژ و مانگ و ئەستێرەی گەشە

ئەم سەر سوبحەینێی سەد نەشئە بەخشە

ئەم با و ئەم هەورە، ئەم گشت بارانە

ئەم چەشمەی ڕەوان، ئەم جۆبارانە

ئەم دەشت و سارای زومڕووتی پۆشە

ئەم کێوی بەرزی سەد هەوا نۆشە

چۆن ئەم سامانە بێساحێب ئەبێ؟

بێ حوکمڕان و مەراقیب ئەبێ

بەردێ یا دارێ ناشی بیتاشێ

بۆ حوکمڕانی ئەم دونیا ناشێ

بە هەناسەیێ کەسێ بتاسێ

چۆن خۆی بە گەورەی عالەم ئەناسێ

جیهاندارێکە لایق بۆ جیهان

یەکسان بێ لەلای ئاشکرا و پەنهان

هەروا بە خەیاڵ ئەگەیییە فەلەک

بە فیکری نازک ئەگەیییە مەلەک

هەر ساڵێ مانگێ ئەشکەوتی حەرا

بۆ ئەفکار ئەی کرد بە خەڵوەت سەرا

ڕۆحی پاک ئەکرد لە گشت عەلایق

دڵی چاک ئەکرد بە فیکری لایق

تا بۆی حاسڵ بوو مەرتەبەی کەماڵ

عومری عەزیزی گەیشتە چل ساڵ

چرای دین لە نێو دڵیا هەڵکرا

بۆ ئەم جیهانە بوو بە چلچرا

شەش مانگ وەحی حەق ڕوئیای سادق بوو

هەرچی ئەیبینی زۆر موافق بوو

لەپاش ئەو موددە بە لوتفی مەننان

ڕۆژی دووشەممەی حەثدەی ڕەمەزان

جیبریل هاتە لای لە غاری حەرا

فەرمووی بخوێنە ئەی ڕوخسار چرا

فەرمووی قاری نیم، جوبریل بە ئازار

وشاردی و فەرمووی: بخوێنە ئەمجار

عوزری هێناوە بە وێنەی سابیق

وشاردییەوە جیبریلی فایق

فەرمووی: بخوێنە ئەی ساحێب تەمکین

فەرمووی: من ئوممیم بێ خەت و نووسین

جا وشاردییەوە جیبریلی ئەکڕەم

خوێندیەوە «إِقْرَأْ» تا «ما لَمْ يَعْلَمْ»

کە جیبریل ون بوو، حەزرەت بە دەهشەت

هاتەوە بۆ ماڵ بە ترس و وەحشەت

فەرمووی: دام پۆشن، کە دایان پۆشی

لەپاش سەعاتێ ڕووی کردە خۆشی

بەیانی فەرموو لەلای خەدیجە

وەزعی خۆی ئەووەڵ، هەتا نەتیجە

فەرمووی پەرۆشم لە وەزع و حاڵم

چیم بەسەرابێ و چۆن بێ مەئالم

خەدیجەی زانا، بە هۆش و زانست

فەرمووی موژدەبێ ئەی ڕاستی پەرست

لە هەردوو دونیا ساحێب حورمەتی

بۆ هەموو عالەم مایەی ڕەحمەتی

ئەتۆ مەردێکی بەرز و بەهرەمەند

ساحێبی بیر و کردەوەی پەسەند

ئینسانێ وابێ هەرگیز ناکەوێ

بەرزی وەهابێ، قەت دانانەوێ

جا بردی بۆلای وەرەقەی جەلیل

دانای مەزموونی تەوڕات و ئینجیل

پاش بەیاناتی حەزرەتی بەشیر

جوابی دایەوە وەرەقەی خەبیر

فەرمووی بە قوربان ئەو زاتە جوانە

لە مەلائیکەی موقەڕڕەبانە

فریشتەیێکە بۆ دین دەلیلە

ناوی مەشهوورە، کە جوبرەئیلە

ئەمینی وەحیە بۆ پێغەمبەران

کاتێ لای بەشەر ڕەوانە کران

ئەو فریشتەیە هێناویە ئەوسا

تەوڕات و ئینجیل بۆ مووسا و عیسا

هاتووە بۆلای تۆیش بە ئەمری خودا

چوون ئادەمیزاد گشت وان لە خەودا

کەلامی خودات بۆ نازڵ ئەکا

میعراجی خێرت بۆ حاسڵ ئەکا

ئەبی بە ڕەهبەر بۆ جینن و بەشەر

ڕوو بکەن لە خەیر، لا بدەن لە شەڕ

جا شۆڕش ئەکەن لەم سەر تا ئەوسەر

بۆت پەیدا ئەکەن هەزار دەردی سەر

بە زەمم و ئازار، بە ڕەخنە و لەکە

هەتا دەرئەچی لە شاری مەککە

ئاخ لەو سەردەما بەر حەیات ئەبووم

گەنج و بەهێز و دەسەڵات ئەبووم

هەوڵم بدایێ بۆ حورمەتی تۆ

تێکۆشیمایێ بۆ خزمەتی تۆ

جا حەزرەت فەرمووی: چۆن عەشرەتی من

ئەبن بە مایە بۆ حەسرەتی من!؟

من خارج ئەکەن لە وەتەنی خۆم!؟

کزی و غەریبی ڕەوا ئێرن بۆم!؟

پێی فەرموو: بەڵێ دونیا هەر وایە

عالەم دوژمنە بۆ ساحێب پایە

جا نەخوازەڵا پایەی ئەنبیا

لەوە بوڵەندتر نییە لە دونیا

لەپاش ئەم وەزعە هەتاکوو سێ ساڵ

هیچ ئایەت نەهات بۆ شای پڕ کەماڵ

فەقەت جوبرەئیل بۆ سەبووری ئەو

خۆی نیشان ئەدا جارجار بە پڕتەو

لەپاش ئەم موددە، ڕۆژێ لە حەرا

هاتە خوارەوە شای ڕوخسار چرا

لەوێ جوبرەئیل دەرکەوتەوە بۆی

لەسەر هەیئەتی بە هەیبەتی خۆی

بەم مولاقاتە زۆر بە پەشێوی

بە زەردی ڕەنگ و بە باری لێوی

بە هەر حاڵێ بوو هاتەوە بۆ ماڵ

جا دایان پۆشی بۆ تەسکینی حاڵ

لەم داپۆشینا جیبریلی ناسیر

نازڵ بوو لەگەڵ سورەی «مُدّثِّر»

پاش ئەمە حەزرەت بە هێز و بە تین

خەلقی بانگ ئەکرد بۆ دین و ئایین

لەبۆ ناسینی خودای تەنها و تاک

بۆ باوەڕی پاک، بۆ کردەوەی چاک

لەبۆ سیلەی ڕەحم، بۆ میهرەبانی

لەبۆ ڕەوشتی بەرزی ئینسانی

بۆ سەخا و بەخشش، بۆ داوێن پاکی

بۆ تێگەیشتن، بۆ دڵ ڕووناکی

لەبۆ دڵسۆزی، بۆ شەرم و وەفا

بۆ پەیمانداری، بۆ سیدق و سەفا

جا ئەهلی مەککە و بادییەی ئەتراف

هەرکەس تاڵب بوو لەبۆ ڕێگەی ساف

یەک یەک و دوو دوو ئەهاتن بۆلای

بۆ دینی ئیسلام ئەچوونە پەنای

بەر لە هەموو کەس خەدیجە و سددیق

پاش ئەوان عەلی، هەم زەیدی عەتیق

بیلال، «ام الفضل» ساحێب هۆش و زەین

ئەمجارە ئەسما «ذات النّطاقين»

عوسمان و زوبەیر هەم عەبدوڕەحمان

هەم سەعد و تەلحە گەیین بە ئیمان

ئەبووعوبەیدە وەلەدی جەڕڕاح

ئەبووسەلەمەی بە سیدق و سەڵاح

ئەمجار ئەڕقەمەی مەخزوومی نەسەب

پایە بوڵەندی ڕەوشت و حەسەب

کوڕانی مەزعوون هەرسێ بە سەرجەم

عوسمان، عەبدوڵڵا، قەدامەی ئەکڕەم

هەم ئیبنو حاریس، عوبەیدەی پەسەند

بە دین گەیشتن بە ڕوتبەی بوڵەند

سەعید کوڕی زەید، لەگەڵ عەیالی

فاتیمەی خەتتاب مەرتەبە عالی

هەموو فائیز بوون بە دینی ئیسلام

ڕازی بێ لەوان عەلیمی عەللام

دەعوەتی حەزرەت بۆ دینی ئیسلام

گەلێ پەنهان بوو لەم بەینا لە عام

ئەوانەیش بە دین موکەڕڕەم ئەبوون

«سِرّا» لە ماڵی ئەڕقەم جەم ئەبوون

نازڵ بوو «فَاصْدَعْ بِما تُؤْمَرُ»

ئەمری دەعوەت هات جەهری و ڕووبەڕوو

حەزرەت دەستی کرد بە دەعوەتی عام

بێ پەردە و پەنا بۆ دینی ئیسلام

ئینجا کافرەکان کەوتنە تەکان

بۆ ئەزیەت دانی موسوڵمانەکان

بە جنێو بە لێدان بە تانە و تەحقیر

بە بەهانەی پووچ بە مەکر و تەزویر

دوو ساڵ بەم ڕەنگە بە ڕۆژ و بە شەو

ئیسراحەت نەبوو مەگەر وەختی خەو

ساڵی پێنج ڕۆیشت، شەشەم کەوتە دەر

نیشانەی بەرزی ئیسلام کەوتە دەر

ساڵی شەشەم هات بۆ دەورەی نەبی

نیشانەی بەرزی ئیسلام هاتە دی

ئیمانی هێنا بە خودای ئەکبەر

میر حەمزەی دلێر مامی پێغەمبەر

هەم پاڕایەوە حەزرەتی سەروەر

کە ئیسلام ببێ یەک لە دوو عومەر

یا «ئەبولحەکەم» یا «ئیبنی خەتاب»

وەربگرن دین و ئەحکامی کیتاب

ئەو لەبەر حەسەد دەرچوو بە نائەهل

لە «بولحەکەم»ی بوو بە «ئەبووجەهل»

ئەم لەبەر شەرەف ڕووی کردە کەماڵ

گەڕا بە فارۆق بۆ حەق و بەتاڵ

سێ ڕۆژ پاش حەمزە نایل بوو بە دین

بە ئیمانی ئەو ئیسلام کەوتە تین

شیری خۆی هەڵگرت بە وێنەی مەردان

وتی کێ مەردە با بێتە مەیدان

هەتاکوو ژنی بێشوو بخەوێ

مناڵی وردی هەتیو بکەوێ

ئەوا من دەرچووم لە بت پەرستی

لە پڕ و پووچ و ڕەوشتی پەستی

هەرکەس هۆشی بێ و بڕوانێ تاوێ

ئەزانێ خودا شەریکی ناوێ

جا نەخوازەڵا بەردێکی بێدەنگ

بۆ خۆت بیتاشی بە نووکی قوڵەنگ

ئەگەر تۆ بۆ خۆت نەبی بە خێوی

پیا هەڵئەمیزێ چەقەڵ و ڕێوی

کە ئەمیانە بیست کوففاری مەککە

هەموو بە جارێ کەوتنە هەلەکە

بە وێنەی مەنجەڵ دڵیان هاتە جۆش

بۆ شەڕ و ئاشووب بوون بە زرێپۆش

ڕاسە هەر سەرێ بە هەوا چاخە

دەماخی وێنەی بەردی چەخماخە

پۆڵای حەقیقەت ئەگەر لێی بدا

بە هەموو لادا پرشنگ هەڵ ئەدا

ئاگری فەساد هەڵئەگیرسێنێ

تا تۆڵەی ناحەق لە حەق ئەستێنێ

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • پیام هایی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.