شعار ما
باران، قطراتی برای نو شدن

جمعه, ۱۷ اردیبهشت , ۱۴۰۰ 26 رمضان 1442 Friday, 7 May , 2021 ساعت ×
ژیاننامەی مامۆستا هەرتەلـی
23 فروردین 1400 - 2:31
شناسه : 698
بازدید 25
0
نشریه باران : مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای هەرتەلـی، زانایەك لە بۆن‌وبەرامەی خۆشی ئیمام نەواوی و ئیبن حەجەری كورد
ارسال توسط : نویسنده : عەبدوڵڵا مەلا ئەحمەد منبع : باران
پ
پ

لەیەكەمین ساڵیادی ژیانئاواییدا

مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای هەرتەلـی، زانایەك لە بۆن‌وبەرامەی خۆشی ئیمام نەواوی و ئیبن حەجەری كورد

شەرعزانی باڵا و توحفەنووسی پایەبەرزی وڵاتی كوردەواری مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای هەرتەلـی، كوڕی عەبدولعەزیز كوڕی مەلا خدر كوڕی مەلا عەبدولعەزیزە، باپیری سێهەمی، واتە: (عەبدوڵڵا – لەدایكییەوە)، زانایەكی بەرز بووە و ناسراو بووە بە (مەلا عەبدوڵڵای مەلا عەبدولعەزیزی هەرتەلـی)، باوكی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای هەرتەلـی، كوڕەكەیی بەناوی ئەو (مەلا عەبدوڵڵای هەرتەلـی) یەكەمەوە ناوناوە، سابەڵكو وەك ئەو مەلا و زانا دەربچێت و خودای گەورە گومانە باشەكەیی بۆ هێناوەتەجێ‌ و (مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای هەرتەلـی دووەم) درەوشاوانەتر ئەو جێگا نوورینەی باپیری خۆی ڕۆشنكردۆتەوە، ئەم جۆرە ناونانە بەگومانی باشەوە لای پیاوچاكانی دێرینی خۆیشمان ڕوویداوە، ئەو كاتەی دوا موڕشیدمان جەنابی «شێخ موحەمـمەدعوسمان سیڕاجەددینی دووەم، بیارە – دووڕۆ» گۆڕی پڕ نوور بێت، لەدایك دەبێت، هەواڵ دەگەیەنن بەجەنابی (حەزرەتی شێخ عومەری ضیائوددین – قدّس اللّه سرّه العزیز)، و داوای لێدەكەن بفەرموێت ناوی بنێت، ئەویش دەفەرموێت: ناوی بنێنە (عوسمان، إِن شا‌ء الله (نائِب مَناب) دەبێت، واتە: جێگرەوەی جەنابی «شێخ عوسمان سیڕاجەددینی یەكەم – تەوێڵە» دەبێت، دەی! گومانەباش و كەڕاماتە مەزنەكەی شێخی ضیائەددین دێتەدی، و بەچاوی سەر بینیمان «شاچرای ئاخرین دەورە – سیڕاجەددینی دووەم» چ نائیب مەناب و جێگرەوەیەكی باڵای حەزرەتی سیڕاجەددینی یەكەم و هەموو خانەدانی عوسمانی بوو!

مامۆستای هەرتەلـی، وەك یەكەم بەرهەڵستكاری گروپی وەهابی لەباشوری كوردستان:

گروپی گومڕا و سەركەشی وەهابی دوای ئەوەی بەفیتی ئینگلیز بوونە پشتیوانی دەسەڵاتدارانی ئالی سعود لەوڵاتی پیرۆزی حەرەمەین و ئیدی بوونە ئایین و مەزهەبی دەسەڵاتی ئەودەمە، بۆیە بەماوەیەكی كەم توانییان بیرۆكەی گومڕاكارانەری خۆیان بە هەموو جێگاكاندا بڵاوبكەنەوە، بەجۆرێك ئەو تۆوی فیتنەیە تا ئێستایش بەردەوام بێت! هەرچەندە بەڕاستی سوڵتانەكانی عوسمانی زۆر بەدەستێكی ئاسنین ڕوبەڕوویان بوونەوە، بەڵام چونكە بەشێوەیەكی نێودەوڵەتی پشتیوانی دەكران، بەتایبەتی لەلایەن بەریتانیای یەكەم زلهێزی ئەوكاتەی جیهان و هەروەها دەوڵەتی فەڕەنساوە، بۆیە هەر جۆر بوو توانییان هەڵبسنەوە، لێرەدا بۆ مێژوو دەبێت ئاماژە بەوە بدەم كەیەكەم گورز بەناوی ئاینەوە دراوە لە خیلافەتی عوسمانی و دواجار خیلافەتی (۱۳۰۰) ساڵەی ئیسلامییان پێڕوخاند، هەڵگەڕانەوەی وەهابییەكان بوو لەوڵاتی نەجد و دەستی پیسی ئەوان و ئالی سعود بوو بەپشتیوانی ڕۆژئاوا، ئەمە ئەو هەقیقەتەیە زۆر بەزەقی لەمێژوودا هەیە و پێویستە هەموو مسوڵمانێكی ووریا و ژیر لێی ئاگادار بێت.

بەهەرحاڵ! حەرەكەتی وەهابی لەدیوی باشوری كوردستان زیاتر لەدوای ڕاپەڕینی گەلی كورد دژی ڕژێمی لەگۆڕنراوی سەدام حسێن لەساڵی (۱۹۹۱)ـی، زاینی پەرەی سەند و بەزۆرینەی كون‌وقوشبنەكانی هەرێمی كوردستان گەیشت، ئەو دەمە وڵات لەژێر گەمارۆی ئابوری ستەمكارانەی ئەمریكا و ڕۆژئاوای خاچپەرستیدا بوو، خەڵكی كوردستان هاواریان بوو بەدەست ئەوپەڕی هەژاری و نەبوونییەوە، سعودیە و وڵاتانی كەنداو – كە بەفەرمانی ئینگلیز بیری وەهابیگەری هەموویانی تەنیوە- لەم ڕێگای قۆستنەوەی نەبونییەی خەڵكەوە و بەبیانووی ڕێكخراوی خێرخوازی و هاوكاری هەژارانەوە هاتنە باشوری كوردستان، و لەولایشەوە ژمارەیەك گەنجی كۆلكەخوێندەوار كە پێشتر برابوونە سعودیە و شوێنەكانی تر بۆ خوێندن و ڕاهێنان لەسەر شێوازی چەواشە و فریودانی خەڵك نێردرانەوە كوردستان و دەستیان بەكاركردن كرد بۆ بڵاوكردنەوەی بانگەوازەكەیان بەپشتیوانی نەوت و دۆلاری سعودیە و میرنشینە حەرامخۆرەكانی كەنداو، خەڵكیش بەهۆی هەژاری لەلایەك و شەڕی ناوخۆی ئەوكاتەی وڵات لەلایەكی ترەوە، تا ئاستێكی زۆر پێشوازییان لەم بانگەوازە كرد و حەشاماتێكی بەرچاو وەدوویان كەوتن!

لەم كاتەدا مامۆستای هەرتەلـی وەك كەواسووری بەرلەشكری عەقیدەی پاك و دەنگی زوڵاڵی زانایانی پێشینەی سەرمەشق و بۆ بەگژداچونەوەی ئەم بیرە بۆگەنە، دوو پەڕتووكی (چەند گوڵێك لەگوڵزاری ئیسلام، پێشكەش بەگەنجی نەونەمام) و (عەقیدەی ئیسلامیی، لەسەر ڕاڕەوی ئەهلی سوننەت و جەماعەت)ـی، بە چاپ گەیاندن، كە هەردووكیان ڕوونكردنەوەی بابەتەكانی عەقیدە بوون بەپێی دیدوئەندێشەی ئەهلی سوننەت و جەماعەت و بەدیاریكراوی بەپێی جیهانبینییەكانی (ئیمام ئەبولحەسەنی ئەشعەری – خوای لێ‌ ڕازی بێت)، ئەمەیش بەتەواوەتی لەو كاتەدا وەهابییەكانی تووڕەكرد و خرۆشاند، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەوە كە ئەوان لەوكاتەدا خۆیان بەتەوژمی بەهێز و بگرە یەكلایی گۆڕەپانەكە دەزانی، بەڵام مامۆستای هەرتەلـی، لێرەوە وەك یەكەم بەرهەڵستكاری گروپی وەهابی و بیروباوەڕە شێواوەكەیان لەباشوری كوردستان دەستی بەكاركرد و دەركەوت!

ئینجا شیاوی ئاماژەپێدانە لەو كاتەدا هەندێك لەگروپەكانی وەهابی چەكدار بوون، و ئەگەر بیانتوانایە تا ئەوپەڕی توندوتیژی و بگرە تیرۆركردنیش دژی مامۆستای هەرتەلـی دەوەستانەوە، بەڵام – دەبێت ئەمە بۆ مێژوو بگوترێت- بەهۆی نزیكایەتی جەنابیان لە مەڕحومی (مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز) كە ئەویش هەمان شێوە بیركردنەوەی عەقیدەیی و مەزهەبیی هەبوو، نەیانتوانی ئەوە بكەن، بۆیە كەوتنە دژایەتیكردن و وەڵامدانەوەی بەنووسین، و لەو كاتەدا تەنها بە وەڵامی كتێبەوە نەوەستان و بگرە لە چەند شوێنێكی شاری هەولێر چەند لافیتەیەكیان داكوتا دژی بیری مامۆستای هەرتەلـی و ناساندنی وەك مەلایەكی گومڕاكاری عەقیدە، و هەر لەو كاتەیشدا كەسێك بەناوی (هێمن عەبدولعەزیز) پەڕتوكێكی بەهەمان ناوی (عەقیدەی ئیسلامیی) وەك وەڵامێك بۆ پەڕتووكەكەی مامۆستای هەرتەلـی چاپكرد و لەپاشكۆی كتێبەكەدا ئاماژەیەكی كورتی بەم شتانە داوە، كە تەواوی كتێبەكە ڕوونكردنەوەی بیروباوەڕی بەناو ئیسلامییە بەپێی جیهانبینییەكانی سەرانی وەهابی و بیری داعشی.

هەروەها هەر لەو سەروبەندەدا كابرایەك بەناوی (ئەبو هودا هەمەوەندی) كتێبێكی دژی دیدە عەقیدەییەكانی مامۆستای هەرتەلـی و ئەو كتێبە عەقیدەییەی نووسی، و ئەوپەڕی بێ‌ ئەدەبانە ناوی نابوویە (لادانی چل پەردەی شەیتانی، لەسەر هەرتەلی و بیروڕاكانی)، بەڵام دوای چەند ساڵێك چاپی دووەمی هەمان كتێبم بینییەوە ناونیشانەكەی گۆڕیبوو، و كردبوویە (وەڵامێك بۆ مامۆستای هەرتەلـی)، بەهەرحاڵ ناونیشانەكەی باشتر كردبوو، و هەر بۆ خۆی زانیبووی كەوتووەتە ناو چ هەڵە و توندئاژۆییی و گومڕاییی و زەلكاوێكی نەزانییەوە!

بەڵام خۆشبەختانە – دوای ئەو هەمووە دژایەتی و تەنگ پێهەڵچنینە- دواجار هەر بیروباوەڕی ئەهلی سوننەت و جەماعە – بەپێشەوایەتی مامۆستای هەرتەلـی لەكوردستان- سەركەوت و بیری پوچی گومڕایان ڕووەو نابودی چوو، و بەردەوامیش زیاتر لاواز دەبێت، و ئەو نووسەرانە و بیرە پووچەكانی ناو كتێبەكانیان چوونە زبڵدانی مێژووەوە، بەڵام پەڕتوكەكانی مامۆستای هەرتەلـی دەیان جاری تر چاپكرانەوە، و بگرە بۆ زمانەكانی فارسی و توركیش وەرگێڕدران و بەئێستایشەوە ئەوپەڕی برەویان هەیە لەناو كۆمەڵگەی كوردەواری و دەرەوەیشیدا، و هەر ئەمەیش ئەو مێژووەی چەسپاند كە مامۆستای هەرتەلـی، وەك یەكەم ناوی دیار و بەرهەڵستكاری گروپی وەهابی لەباشوری كوردستان بۆ لاپەڕە پرشنگدارەكانی مێژوو تۆمار بكات.

مامۆستای هەرتەلـی، و بوونە (قاضی) لای بزووتنەوەی ئیسلامیی، و ڕەواندنەوەی تەمی چەند تۆمەتێك:

بێگومان لەڕابردوودا ڕژێمی لەگۆڕنراوی سەدام حسێن دۆخێكی نەخوازراوی ستەمكارانەی چەندین ساڵەی بەسەر كوردستانی باشوردا سەپاندبوو، دەبوو زانایانی ئاینی لەبەرهەڵستی ستەمی ئەو ڕژێمە دڕندەیەدا هەڵوێستیان هەبێت و بێدەنگ نەبن، بۆیە لەو كاتەدا و بەدیاریكراوی لەساڵی (۱۹۸۷)ـی، زاینی، مەڕحومی (مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز – ڕەحمەتی خوای لێ‌ بێت) هێزێكی چەكداری بۆ شەڕی ڕژێمی بەعس بەناوی (بزووتنەوەی ئیسلامیی) ڕاگەیاند، و جەنابیان بوویە ڕابەری گشتی ئەو بزووتنەوەیە، جا گومان لەوەدا نییە كە هەموو مسوڵمانێكی ڕەسەنی كورد، (عەقیدەی ئەشعەرییە) و (مەزهەبی شافعی)یە، و (تەریقەتی نەقشبەندی)یە، و (مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز)یش، هەر بەم شێوەیە بوو، مامۆستا زانایەكی (ئەشعەری مەزهەب) بوو لەعەقیدەدا، و زۆر لەڕوانگە تەفسیرییەكانی جەنابیان لەتەفسیرە ناوازەكەیدا شاهێدی ئەم ڕاستییەن، و لەولایشەوە (مەزهەبی شافعی) بوو، لەفیقهدا، وە بەئاشكرا ئەمەی ڕادەگەیاند، و تەنانەت لەڕیسالەی «حُكْمُ الطَّلاق الثلاث»دا، كە بەزمانی عەرەبی نووسیویەتی، و بەندە لەنزیكەی (۴۰۰) لاپەڕەدا وەرگێڕان و شرۆڤەم بەزمانی كوردی بۆ نووسیوە، بە موو لە مەزهەبی ئیمامی شافیعی – خوای لێ‌ ڕازی بێت، لاینەداوە! و (تەریقەتی نەقشبەندی)یشی، تەبەننی كردبوو، وەك جەنابی زانای پایەبەرز (مامۆستا نووری فارس حەمەخان)، ئەمەی بۆ خۆم نووسیوە كە سەلـمێنەری ئەم ڕاستییەیە:

(زوو زوو كۆمەڵێ‌ مەلا و فەقێی دەڤەرەكە، لە هەڵەبجە كۆدەبوونەوە و بە پێ‌ دەچوون بۆ بیارە، ئێمەی فەقێكانی پریس سەرجەم لە گەڵ مامۆستا مەلا عوسماندا بە پێ‌ بەرەو بیارە دەكەوتینە ڕێ‌، جاری وا دەبوو، دەوری پەنجا مەلا و فەقێ دەبووین، جا بە دەم ڕێگاوە فەقێ‌ دەنگخۆشەكان گۆرانییان دەگوت، یان ئەلفییەی ئیبنومالیكیان لەسەر شێوەی گۆرانی دەچڕی و جارجارە لایان دەدایە لاڕێ‌ و ساتێ‌ هەڵدەپەڕین و بەزمیان ساز دەدا، جاری وا دەبوو بە شەو دەڕۆیشتین بۆ بیارە، كە دەگەیشتینە بیارە، فەقێكان دەبوون بە میوانی فەقێكانی بیارە، و مەلاكانیش دەبوون بە میوانی شێخی عەلائەددین، – ڕەزا و ڕەحمەتی خوا لە هەموویان بێ‌- ئەوەی كە لەم لایەنەوە لە یادم ماوە، ئەم حەقیقەتەیە: مامۆستا مەلا عوسمان، شێخی عەلائەددینی زۆر زۆر خۆشدەویست، و شانازی بەوەوە دەكرد كە هاموشۆی بیارە دەكات، كە ئەزهەری كوردستانە، كە لەوەتی هەیە بووە بە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ پەخشی نووری ئیسلام، هەم زانای گەورە گەورەی تیا بووە، و هەم موڕشیدی دڵ ڕوناكی تیا بووە، ئەم خاڵەم زۆر مەبەست بوو، كە ڕوونی بكەمەوە لە پەیوەندی جوانی سەرجەمی مامۆستا بەڕێزەكانی دەڤەری هەڵەبجە، كە هەموویان خۆیان بە دۆستی بیارە و شێخانی بیارە دەزانی، و بە نوێنەری مەدینەیان دادەنا لە كوردستاندا، وە خۆشی وابوو!).

شیاوی باسە بۆدواجاریش لەساڵی (۱۹۹۵)دا، و بەكەمتر لە دووساڵ لەژیانئاوایی جەنابی «شێخ موحەمـمەدعوسمان سیڕاجەددینی دووەم» گۆڕی پڕ نوور بێت، جەنابی (مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز) لەوڵاتی توركیا چووە سەردانی شێخی سیڕاجەددینی دووەم (قدّس اللّه سرّه العزیز) و پەیمانی وەفاداری و ئیخڵاسی هەمیشەیی بۆ جەنابیان و ڕێباز و خانەوادەكەی بۆ هەتاهەتایە نوێكردەوە، و لەم نێوەندەیشدا وێنەیەكی یادگاری زۆر جوان و بەنرخیان لەدوابەجێماوە.

كەواتە جەنابی (مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز) هەرسێ‌ خەسڵەتە باڵاكەی تێدا بووە و لەماوەی ساڵەكانی (۱۹۸۷) بۆ (۱۹۹۷) تا مامۆستا بەفیتی وەهابییەیكان لەڕابەرایەتی لادرا، ئەو شێوە بیركردنەوەیە زاڵبوو بەسەر بزوتنەوەكەدا، و قۆناغی شەرعیەتی جوڵانەوەكە بووە!

مەبەستمە بڵێم: جەنابی مەڕحوم (مامۆستای هەرتەلـی) لەم قۆناغەی مامۆستا مەلا عوسماندا قاضی شەرعیی بزوتنەوەكە بووە، كە هیچ گرفتێكی تێدا نییە، و هەموو كەسێك شانازی بەوەوە دەكرد نزیكایەتی لەگەڵ جەنابی مامۆستا مەلا عوسماندا هەبێت.

وە تەنانەت هۆكاری لادانی مامۆستا مەلا عوسمان لەڕابەرایەتی بزوتنەوەكە، زۆری ئەمەبوو كە ئێستا باسی دەكەم:

لەكۆتایی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردووی زاینیدا بڕیاردرا لەسەر گێڕانەوەی مەحاسینی شەریفی پێغەمبەر «صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ» بۆ (بیارەی شەریفە)، بەم بۆنەیەوە هەزاران كەس خۆیان ئامادە كرد بۆ پێشوازی لێی، و ئەم هەواڵە بە مامۆستا مەلا عوسمانیش گەیشت، لەو كۆتاییانەدا كە وەهابییەكان زیاتر لەناو بزوتنەوەكەدا پەرەیان سەندبوو، هۆشدارییان بە (مامۆستا مەلا عوسمان) دابوو كە بەشداری لەو مەڕاسیمەدا نەكات، چونكە خۆیان گوتەنی: (ئەوە شیرك و كوفرو ئەوانەیە)، بەڵام مامۆستا مەلا عوسمان جۆرێكی تر بیری دەكردەوە، ئاخر! پیاوێكی خواناسی وەك مامۆستا مەلا عوسمان چۆن خۆی دەگرێت مەحاسینی شەریفی پێغەمبەر «صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ» بڕ بداتەوە (بیارە) و ئەو نەچێتە پێشوازی! بۆیە ڕۆیشت و بەشداری ئەو مەڕاسیمە پیرۆزەی كرد، و وەهابییەكان ئەمەیشیان كردە بیانوویەكی تر بۆ لەكارلادانی و بە یەكجاریی لەڕابەرایەتی دوریانخستەوە و لەوەو دوا بەتەواوەتی بزوتنەوەكە كەوتە دەست وەهابییەكان و هاوئاوازەكانیان و قۆناغی شەرعیەتی كۆتایی هات!

دیسانەوە مەبەستمە بڵێم: بوونی مامۆستای هەرتەلی لەگەڵ ئەم بزاڤەدا قۆناغێكی جیاواز بووە و زۆر ئاسایی بووە و پێویستە ئەو كەسەی لەمبارەیەوە دەیەوێت گەنگەشە و سۆراخی بابەتەكان بكات، ئاگاداری ئەم ڕاستی گەلە بێت، چونكە لەڕاستیدا ئەم ماوەیە چەندین كەس لەسەر ئەم خاڵە شرۆڤەی هەڵەیان بڵاوكردەوە و تێڕوانینی نابەجێیان وەشانكرد، بۆیە كەمێك ووردتر چوومە ناو توێژینەوە و شرۆڤەكردنییەوە.

مامۆستای هەرتەلـی، و یەكەمجار بەخزمەت گەیشتنی لەلایەن بەندەوە:

مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای هەرتەلـی، (ڕەحمەتی خوای لێ‌ بێت)، زیاتر لەنەوەدەكانی سەدەی ڕابردووی زاینیدا ناوی درەوشایەوە، جەنابیان دوای ئەوەی (شەرحی فەتحولقەریب) و (شەرحی ئەربەعینی ئیمامی نەواوی) و بەتایبەتی پەڕتووكە نایابەكەی (عەقیدەی ئیسلامیی، لەسەر ڕاڕەوی ئەهلی سوننەت و جەماعە)ـەی، بڵاوكردەوە، زۆر بەمەزنایەتی ناو و توانای جەنابیان لەحوجرەكاندا برەوی سەند و بوویە خۆشەویستێكی گرانقەدری مەلا و فەقێ‌، لەو دەمەدا و بەدیاریكراوی لەكۆتایی ساڵی (۱۹۹۹)ـی، زاینیدا بەندە فەقێ‌ بووم لەئاوایی (نژمار)ـی، سەر بەشاری (مەریوان)ـی، ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لەخزمەت جەنابی مامی باوكم مەڕحوم (مامۆستا شێخ جەلال شێخ عەبدوڵڵا دەمەیەوی – گۆڕی پڕ نوور بێت)، ئەو كاتە بەرگی یەكەمی (ڕوناكی ربّ العالـمین، شەرحی منهاج الطالبین)ـی، مامۆستای هەرتەلـی، تازە چاپ ببوو، كاتێك لەدیوی باشوری كوردستانەوە بەمەبەستی فەقێیەتی چوومە دیوی ڕۆژهەڵات، ئەو بەرگە كوردییەی مینهاجیشم پێبوو، لەوێ‌ لەخزمەت مەڕحوم جەنابی مامۆستا شێخ جەلالدا كەوتینە قسە‌وباس دەربارەی مامۆستای هەرتەلـی، دیاربوو جەنابی مامۆستا شێخ جەلال پێشتر پەڕتووكەكانی تری مامۆستای هەرتەلـی دیبوون، و گەیشتبوونە ڕۆژهەڵات، بۆیە زۆر بەدڵی بوون و زۆر دوعای خێری بۆ مامۆستای هەرتەلـی كرد و تەنانەت زۆر وەسفی پەڕتووكی (عەقیدەی ئیسلامیی، لەسەر ڕاڕەوی ئەهلی سوننەت و جەماعە)ـەی، كرد، و فەرمووی: زۆرم پێخۆشە مەلای گەنجی كوردی وامان هەبێت هێندە خاوەن قەڵەم بێت، و هێندەیش پابەندی عەقیدەی ڕاستی ئەهلی سوننەت و جەماعەت بێت و نەلەخشاوانە بەرامبەر بەم شەپۆلە گەورەیەی بیری پوچی وەهابیگەری وەستابێتەوە، خوای گەورە تەمەندرێژی بكات، و تۆیش عەبدوڵڵا گیان! هەركات گەڕایتەوە كوردستان و ئەمە دنیایە ڕێت كەوتە شاری هەولێر سەلامی منی پێبگەیەنە و لەجیاتی من دەستخۆشی ئەو هەمووە بەرهەمە جوانەی پێڕابگەیەنە، منیش كات هات و ڕۆیشت دوای نزیكەی دوو ساڵ و نیو ڕێم كەوتە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و نشینگەی شێخی هەرتەلی!

ئەوكات من لەزانكۆی سلێمانی، بەشی توێژینەوە ئیسلامییەكان وەرگیرابووم، كاری هەولێرم بۆ دروستبوو، لەزانكۆ هاوڕێیەكی هەولێریم هەبوو، باسمكرد كە لەم چەند ڕۆژەدا دەبێت بێمە هەولێر بۆ كارێكی تایبەت، بەڵام من دەمێكە هەڵوەدای ناو و خزمەت و بەرهەمەكانی زانایەكی دانیشتووی هەولێرم، سابەڵكو تۆ ناونیشانی مزگەوتەكەی پەیدا بكەیت، بۆئەوەی كاتێك كە هاتم سەردانێكی بكەم، كە هەم ئاواتی خۆمە و لەدڵی خۆیشمدا ئەمانەتی سەلامەكەی مامۆستا شێخ جەلالم هەڵگرتبوو، تا بەجەنابیانی بگەیەنم، سەفەر ڕێككەوت و چوومە هەولێر و لەگەڵ ئەو برادەرەمدا بۆ نوێژی عەسر چووینە مزگەوتە خنجیلانە و زۆر موتەوازیعانەكەی مامۆستای هەرتەلـی، نوێژی عەسرمان لەپشت سەری جەنابیانەوە كرد، و دوای نوێژ چووینە حوجرەكەی، مامۆستایەكی باڵامامناوەند و قیافەی تێكسمڕاو، و تەمەن نەگەیشتوو بە پەنجا ساڵ، و خاوەن ڕیشێكی نوورانی ڕەش‌وسپی بەو پەڕی لوتف و ڕێز و مەحەببەتەوە پێشوازی لێكردین، لەوكاتەدا دەفتەری دەستنووسی شەرحی مینهاج لەبەردەستیدا بوو، و سەرقاڵی نووسین و تەواوكردنی بەرگەكانی تری ئەو پڕۆژە مەزنە فیقهییە پێنج بەرگییە بوو، خۆم ناساند و سەلامەكەی مامۆستا شێخ جەلالم پێگەیاند، زۆری پێخۆشبوو ئەویش وەڵامی سەلامەكەی پێمدا ناردەوە، و زیاتر بەوە درەوشایەوە كە پەڕتووكەكانی سنوری باشوریان بەزاندووە و گەیشتونەتە ڕۆژهەڵات، – دیاربوو یەكەمجاری بوو ئەوە ببیستێ‌-، گوتم: قوربان نەك هەر كتێبەكان گەیشتوون، بەڵكو زۆر بەفراوانی پێشوازییان لێكراوە و مەلا و مودەڕیس و فەقێ‌ و خوێنەران لەوێ‌ هەمیشە دەست بەدوعان بۆ جەنابت و هەوڵ و بەرهەمەكانت ئەوپەڕ دەنرخێنن!

مامۆستای هەرتەلـی، وەك نووسەر و شەرعزان و خاوەن قەڵەمی باڵا:

مامۆستا وەك شەرعزانێكی خاوەن پایە و توحفەنووسی مەزنی وڵاتی كوردەواری، كەس ناتوانێت نكۆڵی لە بڕشتی قەڵەمەكەی و زانستیی بوونی بەرهەمەكانی بكات بەو هەمووە ووردەكارییەوە كەهەن، من هەمیشە ڕام وا بووە لەنوسیندا چەندایەتی گرنگ نییە، بەڵكو چۆنایەتی گرنگە، ئەگەر بەوردی سەرنجی تێكڕای بەرهەمەكانی مامۆستای هەرتەلـی بدەیت، ئەوەت بۆ ڕوون دەبێتەوە كە لەڕووی نووسین و داڕشتن و بەڵگەهێنانەوەوە زۆر باڵا و نایابن، بۆیە من هەمیشە جەنابیانم بە (ئیبن حەجەری هەیتەمی كورد) و (ئیمام نەواوی كورد) دەزانی، و لەڕوانگە شەرعزانی و قەڵەم جوانییەكەیەوە بە بریكاری ڕانەگەیەنراوی جێگاوپێگەكەی (عەللامە مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس)ـم، دەهێنایە هەژمار، و لەڕاستیدا مەڕحومی مامۆستا هەرتەلـی خاوەنی قەڵەمێكی بەرز و ژمارەیەك بەرهەمی نایابە، تیایاندا شاكارە شەرحی مینهاجی ئیمامی نەواوی، لە پێنج بەرگدا.

مامۆستای هەرتەلـی، و خۆشەویستیی بێ‌ ئەندازەی بۆ پێغەمبەر«صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ»:

مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای هەرتەلـی، خۆشەویستییەكی بێ‌ ئەندازەی بۆ پێغەمبەر«صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ» هەبوو، كە ئەمەیش نیشانەی هەرە دیاری خواناسانی ڕاستەقینەیە، ئەگەر گوێت لە فەرمایشت و گوتار و كۆڕەكانی مەڕحومی مامۆستا بگرتایە زۆرینەیان و بگرە هەموویان باس باسی پێغەمبەر«صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ» و فەرمایشت و كردار و ئاكارەكانی ئەو زاتە بوو، وە لە زۆرینەی كۆڕ و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیشیدا هەمیشە قەصیدە باڵاكەی ئیمامی بوصەیری لەسەر زمانی بوو، و بە ئاواز و دەنگێكی زۆر ڕۆحی و خۆش دەیخوێندەوە، ئەوە بوو بەم دواییانەیش ئەو قەصیدەیەی لەپەڕتوكێكی نایابدا بەناوی (مانگی شەوی چواردە ڕوونكردنەوەی قەصیدەی بوردە) بەچاپ گەیاند، و هەروەها لوتكەی وەفاداری و خۆشەویستی خۆیشیی بۆ پێغەمبەر«صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ» لەپەڕتووكی (مێرگ و گوڵزاری بەهار، ژیانی پێغەمبەری ڕێزدار«صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ»)دا، نومایانكرد.

كاردانەوەكان، لەسەر ژیانئاوایی مامۆستای هەرتەلـی:

مامۆستای هەرتەلـی، زانایەكی زۆر موتەوازیع بوو، لەسەر شێوە و هەڵسوكەوتی زانایانی دێرینی گەلی ئیسلام و بەتایبەتی زانایانی تەصەووف و ئەهلی عیرفان، ئەو پشتگوێخستنی دونیا و باقوبریقە دنیاییەكان لەخەسڵەتە دیارەكانی كەسایەتییە باڵاكەی بوون، بۆیە زیاتر كردەوەی لێدەردەكەوت، نەوەك ناو و خۆدەرخستنی دنیایی و كردەوەكانیشی یان گوفتاری جوان بوون، یان كتێب و بەرهەمی نایاب، بەڵام قەدەر وابوو ژیانئاوایی جەنابیان لەدۆخێكی ناسەقامگیردا ڕوویدا، ئەو دۆخەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی «ڤایرۆسی كۆرۆنا»وە، جیهان و تەواوی مرۆڤایەتی گیرۆدەی بەڵایەكی ناگەهان كردبوو، ئەو ڤایرۆسەی كە بە هەزاران كەسی كوشت، و زیاتر لە سێ‌ ملیارد كەسیش لەجیهاندا كەوتنە قەرەنتینەوە، و لەژێر یاسای بەزۆر مانەوە لەماڵدا مانەوە، و بەم هۆیەوە تەنانەت نوێژی جەماعەت و جومعەكانیش پێچرانەوە، بە پرسەكانیشەوە! بۆیە ژیانئاوایی لەناكاوی مەڕحوم مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای هەرتەلـی لەم هەلومەرجەدا بوو، بەو بۆنەیەوە زانایان و خەڵكی بەگشتی نەیانپەرژایە سەر بەڕێوەبردنێكی شكۆدارانەی مەڕاسیمی ئەسپەردەكردن و پرسەی جەنابیان، ئەگەرچی ژمارەیەكی زۆری خەڵك و مەلا و فەقێ‌ لە كوردستان و زۆر لەوڵاتانی تریشەوە (صەڵاتی غائیب)یان، لەسەر كرد، بەڵام شایەتییەك بۆ مێژوو لەمبارەیەوە هەقە بدرێت، ئەویش ئەوەیە: (لەو كاتەدا سۆشیاڵ میدیای كوردی بەتەواوەتی بە باسی ڤایرۆسی كۆرۆناوە سەرقاڵ ببوو، بەڵام كە هەواڵی ژیانئاوایی جەنابیان بڵاوبوویەوە، سۆشیاڵ میدیای كوردی بەتەواوەتی ئاوەژوو بوویەوە و خەڵكی ئەو بەڵایەیان بیرچوویەوە و مەرگی ئەم زانا بەرزە و وێنەكانی و وتارەكانی و بیروهەڵوێستەكانی و یادگاری و بەرهەمەكانی تەواوی سۆشیاڵ میدیای كوردییان تان‌وپۆ داگیر كرد، و زانایان و جەماوەری مسوڵمانی وڵاتی كوردەواری لەم ڕێیەوە نەیانهێشت بەهیچ جۆرێك ژیانئاوایی مامۆستای هەرتەلی بێنازی پێوە دیاربێت، و ئەو ڕووداوەیان بەوپەڕی شكۆدارییەوە بەڕێكرد!).

خوای گەورە مامۆستاى گەورەمان بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و ئێمەیش لە خاك‌وپای زانایان و چاكاندا لەو دوورەوە جێگا بكاتەوە. آ‌میـن

عەبدوڵڵا مەلا ئەحمەد – ئەحمەدئاوا

ثبت دیدگاه

  • دیدگاه های ارسال شده توسط شما، پس از تایید توسط تیم مدیریت در وب منتشر خواهد شد.
  • پیام هایی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • پیام هایی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.